سەبارەت بە کوژرانی ١٠ ئەندامی حەشدی شەعبی ڕاگەیاندنی ئەمنی بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە

ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق سەبارەت بەو هێرشەی ناوچەی مەکشیفە کە بووە هۆی کوژرانی ١٠ ئەندامی حەشدی شەعبی بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە.​​​​​​​

رۆژی شەممە شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی سەبارت بە هێرشەکەی داعش بۆ سەر ناوچەی مەکشیفە لە پارێزگای سەلاحەدین کە بووە هۆی کوژرانی ١٠ ئەندامی حەشدی شەعبی و بریندابوونی ژمارەیەکی دیکە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "شەش چەکدار لە رووبەروبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەل چەتەکانی داعش شەهیدابوون لە کاتی بەئامانج کردنی خاڵێکی لیوای ٣٥ی حەشدی شەعبی لە درەنگانی شەوی ڕابردوو لە ناوچەی مەکشیفەی پارێزگای سەلاحەدین."

هەروەها  لە بەیانامەکەی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیدا هاتووە: ''لە کاتی چوونی هێزێکی دیکەی هەمان لیوا بۆ پشتیوانی لە ‌هێزەکانیان لەو شەرەدا، بۆمبێکی چێندراو بەو هێزەدا تەقییەوە لە ئەنجامدا ٣ چەکدار شەهیدبوون و چواری دیکەش برینداربوون."

هەروەها سەبارەت بە هێرشێکی دیکەی داعش کە بووە هۆی کوژرانی چەکدارێکی دیکەی حەشدی شەعبی، شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی ڕایگەیاند: " چەکدارێکی دیکە شەهیدبوو لە ئەنجامی تەقەکردنی راستەوخۆ لەلایەن چەتەکانی داعش کە لەو هێرشەدا هێزێکی سەر بە لیوای ٤١ی حەشدی شەعبی کردە ئامانج لە ناحیەی یەسرب لە ناوچەی سامەرا."

ز.ش